هەرێم داوا لە بەغدا دەکات شایستە داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت


لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی (ماوە بەسەرچوودا)، هەرێم داوا دەکات کە پێویستە بەغدا مانگانە شایستە داراییەکانی هەریم بە پێی بودجە کە یەک ترلیۆن و٣٧٥ ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە ٩٠٦ ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا جەختی کرایەوە کە پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی هەرێم خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەکاتە بڕی ١٦ تریلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و٣٧٥ ملیار دینار، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی ٣ی ئەیلول لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە وشایستەداراییەکانی هەرێم، بریاریدا کە بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی ٥٠٠ ملیار دینار لە مانگەکانی ٩، ١٠ ، ١١ خەرج بکرێت، لە کاتێکدا لە دوای مانگی ٦ ەوە ، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی ٧، ٨ خەرج نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە ٢٥/٦/٢٠٢٣ هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە. 

لە راگەیاندنەکەی ئەنجومەنی وزیران ( ماوە بەسەرچوودا) هاتووە " داوا دەکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات،  بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات،هاوشانی  مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بە بێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت ، بۆیە پێویستە بە هەمان پێوەر ، تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت  بەڵکو بە پێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەکسانی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت".

لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەکات کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف ودەسەڵات وشایستە دەستووریەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش،  پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. 

حکومەتی هەرێم، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و  ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.
لە بارەی رووداوەکانی کەرکوکیشەوە، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.



PM:06:11:06/09/2023