حیزبێكی رۆژهەڵات سەبارەت بە هەڕەشەكانی هێرشی ئێران هۆشداری بەپەلە دەدات


ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران رایدەگەیەنێت "هەواڵ و بەدواداچوونەكان دەریدەخەن كە ڕێژیم لە ئامادەكارییەكانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێكی دیكە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی كوردی دانیشتوو لە هەرێمی كوردستان و عێڕاق بەردەوامە".

ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پەیامێكدا بۆ وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە هێرشی فراوانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە كوردستان.

دەقی پەیامەكە..

- بۆ بیروڕای گشتی!
- وڵاتان و كۆڕ و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی!
- ڕێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ!
هەروەك ئاگادارن رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار لە زاری كاربەدەستانی سیاسی و نیزامیی خۆیەوە هەڕەشەی پەلاماردانی كەمپی پەنابەرانی كوردی ئێرانی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستانی كردووە. هەروەها هەواڵ و بەدواداچوونەكان دەریدەخەن كە ڕێژیم لە ئامادەكارییەكانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێكی دیكە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی كوردی دانیشتوو لە هەرێمی كوردستان و عێڕاق بەردەوامە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەدان پەنابەر و چالاكی سیاسیی كوردستانی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا تێرۆر كردووە، لە چالاكیی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەك و درۆن هێرشی كردووەتە سەر كەمپی پەنابەرانی سیاسیی كوردستانی ئێران، كە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان كەس خەڵكی سیڤیل و پەنابەر كوژراون و بریندار بوون.
لە دۆخی ئێستاشدا كە كاربەدەستانی ڕێژیم تەنانەت بەئاشكرا كات و زەمەنیشیان بۆ شەپۆلێكی دیكە لە هێرشەكانیان دیاری كردووە، لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتان و كۆمەڵگەی جیهانی، ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت حكوومەتی عێراقی فێدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خاكی ئەواندا نیشتەجێن دەكەین، ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی كۆماری ئیسلامی بن كە بەڕێوەن. داوا دەكەین هەموو لایەك بە هەموو توانا و زەرفییەتی دیپلۆماسی و ڕێكارەكانی دیكەی بەردەمیان هەوڵەكانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێكی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی كوردی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بخەنە گەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتی هێژمۆنی و دەستڕۆیشتوویی ئێران له عێراق بەتایبەتی له ئاستی ئاسمانیدا، سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاته یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمان لە عێراق بۆ بەرپرسایەتییەكانیان بە مەبەستی  هەنگاوی بەكردەوە دژی دەستدرێژییەكانی كۆماری ئیسلامی و پێشگیری له دووپاتبوونەوەی جینایەتەكانی ڕادەكێشێن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە جارێكی دیكەش بە پێداگری لەسەر سیاسەتە درووست و ئوسوولییەكانی خۆی كە تەبا لەگەڵ هەموو بەها و بایەخە نێونەتەوەیی و جیهانگیرەكانە، تەبلیغاتی كۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی دەستدرێژییەكانی لە وڵاتی دراوسێی و جینایەتە یەك لە دوای یەكەكانی لەدژی پەنابەرانی سیاسی بەرپەرچ دەداتەوە و ڕەتی دەكاتەوه. لەڕاستیشدا ئە‌وه خودی كۆماری ئیسلامییه كه به زاڵكردنی كەشی میلیتاریستی و گرتنەبەری سیاسەتی سەركوت تەنانەت له بەرانبەر چالاكانی مەدەنی و خەڵكی بێدیفاع لە خۆپێشاندانە هێمنانەكانیشدا، تەواوی ئێران و بەتایبەت كوردستانی نائەمن كردووه. وەك ئەزموونەكانی ڕابردووش پێشانی داوە كۆماری ئیسلامی بە درێژەدانی ئەو سیاسەتەی نە دەتوانێ قەیرانەكانی نیوخۆی چارەسەر و، نە كورد و باقی نەتەوە مافخوازەكان و سەرجەم خەڵكی ئازادیخوازی ئێران ملكەچ و بێدەنگ بكا و، لەكۆتاییدا سەركەوتن هەر بۆ گەلانی ئیران و هەموو ئازادیخوازانی ئەم وڵاتەیە.
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢
(٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣)




PM:10:20:09/09/2023