وەزارەتی نەوتی عێراق: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە دەست تورکیایە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و بڕیارەکە ئێستا بەدەست تورکیایە". 

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکدا بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند" پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگەی تورکیادایە، دەبێت ئەو رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات، ئەگەر ئەو دەرگایە کراوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن". 

وتیشی" هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و تورکیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێویستە گفتوگۆکان بەردەوامییان هەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دووبارە کۆبوونەوەی هەردوو شاندەکە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دیارینەکراوە".

لەبارەی ئەو سکاڵایەی تورکیا کە وەکو دەگوترێت لە دادگای نیویۆرک لە دژی عێراق تۆماریکردووە، عاسم جیهاد دەڵێت" مافی ئەو لایەنانەیە کە بەهۆی راوەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە سکاڵا لە دژی لایەنەکانی دیکە تۆماربکەن، چۆن عێراق مافی هەیە سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکات، تورکیاش بەهەمان شێوە ئەگەر بە مافی خۆی دەزانێت، دەتوانێت سکاڵامان لەسەر تۆمار بکات، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ دادگایەکەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە ئەنقەرە سکاڵایەکی لە دژی بەغدا تۆمارکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، بەڵام کێشەی ئێستایان راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا. 


PM:02:04:10/09/2023