مەسرور بارزانی "زەنگی لەناوچوونی هەرێم" لێدەدات


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) لە نامەیەكی بۆ جۆبایدن، سەرۆكی ئەمەریكا "زەنگی لەناوچوونی هەرێم"ی لێداوە و داوای هاوكاری لێكردووە.

پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریكی بڵاویكردۆتەوە "مەسرور بارزانی لە ٣ی ئەیلولدا نامەیەكی بۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ناردووە و نووسیویەتی "ئێستا ئەو نامەیەت بۆ دەنوسم دیسان لە ساتەوەختێكی چارەنوسسازی مێژوماندا، دۆخێك كە دەترسم لەوانەیە زەحمەتیمان هەبێ بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ ببین، ئێمە لەڕوی ئابورییەوە وا خوێنمان لێ دەتكێ و لەڕوی سیاسیشەوە خوێن لە جەستەماندا وا كۆتایی دێ". 

هەر بەپێی هەواڵەكەی ئەلمۆنیتەر مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ یەكەمجار لەوەتەی من سەرۆك وەزیرانم، نیگەرانییەكی قوڵ دایگرتوم كە ئەو هەڵمەتە ناشەرافەتمەندانەیەی لەدژمانە بەڕێوەدەچێ لەوانەیە ببێتە هۆكاری روخانی ئەو مۆدێلە فیدرالیەی عێراق كە ئەمریكا لە ٢٠٠٣ سپۆنسەری كرد و لەوكاتەوە لەپشتیەوە وەستاوە".

مەسرور بارزانی لە هاوینی ٢٠١٩ەوە پۆستی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كوردستانی وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە، ئێستا هەرێم لە قەیرانێكی سەختی ئابوریدایە و تائێستا هەرێم مووچەی مانگەكانی تەموز و ئابی نەداوە.



PM:10:53:12/09/2023