بایدن لە یادی ژینا ئەمینی: سزای نوێ لە دژی پێشێلکارانی مافی مرۆڤدا ده‌سه‌پێنین

ئەمڕۆ هەینی لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئەمینی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەلی ئێران دووپاتکردەوە. 

جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووه‌تەوە، ڕایگەیاندووە" لە کاتێکدا ئەمڕۆ مردنی دڵتەزێنی مەهسامان لەبیرە، جەخت لەسەر پابەندبوونمان بەو گەلە بوێرەی ئێران دەکەینەوە کە ئەرکەکەی تەواو دەکەن". 

وتیشی" ئێرانییەکان بە تەنیا چارەنووسی وڵاتەکەیان یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام ئەمریکا پابەندە بە وەستانەوە لە تەنیشتیان، لەوانەش دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ پشتیوانی لە توانای ئێرانییەکان و بەرگریکردن لە داهاتوویان". 

جەختیشی لەوەکردەوە کە واشنتن" سزای نوێی لە دژی پێشێلکارانی ئاشکرای مافی مرۆڤ ده‌سه‌پێنێت". 

ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی (پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی) دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەرفراوان لە شارەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان. 


PM:09:33:15/09/2023