حكومه‌تی هه‌رێم بەنیازە 30 ملیار دۆلار قه‌رز بكات
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری هەرێم بەنیازە بڕی 30 ملیار دۆلار قه‌رز بكات، به‌ڵام تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌كرداری به‌ده‌م ئه‌و داواكارییه‌وه نه‌هاتووه.
سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێم، به رۆژنامه‌ی هاوڵاتی راگه‌یاندوه هه‌رێم پێویستی به 30-35 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری خۆی، وتی "چه‌ندینجار ئه‌مه باسكراوه تا ژێرخانی هه‌رێم بگاته ئاستێكی باش بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوو”.
داواكاری ئه‌و قه‌رزه له‌كاتێكدایه، حكومه‌تی هه‌رێم هه‌شت ترلیۆن دینار كورتهێنانی له‌بودجه‌دا هه‌یه‌و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه چوار ترلیۆن دیناری قه‌رزكردوه بۆ دابینكردنی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
دزه‌یی، پێیوایه ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ست هه‌رێمدایه ناتوانرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی پێ دابینبكرێت‌و قه‌رزكردنیش زۆر وڵاتی دنیا كردویانه بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوریان.
وتیشی "هێنده‌ی ئاگادارم هیچ لایه‌نێكی دیاریكراو تائێستا ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی دابین نه‌كردوه، ئه‌گه‌رچی زۆر لایه‌ن په‌یوه‌ندییان به‌حكومه‌ته‌وه كردووه كه ده‌توانن پاره بده‌ن به‌قه‌رز، به‌ڵام هه‌موی تائێستا هه‌ر قسه بووه”.
به‌پێی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌كه له‌ماوه‌ی رابردودا به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌و قه‌رزه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك كردوه به‌ڵام كۆمپانیایه‌كه مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌بووه تا 20 ساڵی داهاتوو به‌ئاره‌زوی خۆی وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێم بكات له‌هه‌ر سێكته‌رێكدا كه ده‌یه‌وێت.
AM:10:59:22/09/2014