"هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسداران و نیشانەشکێنەکان بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستانەوەن"

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە ڕاپۆرتێکی تایبەتی بە دۆخی مانگرتوانی ڕۆژهەڵآتی کوردستان و ڕێوشوێنی هێزە حکومەتییەکان بڵاوکردۆتەوە وتێدا ئاماژەیان بەوە داوە، هێزی سەرکوتکەر و یەکەی تایبەت بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەسووڕێنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسدارانیش بەردەوام لە ئاستێکی نزمدا بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستاندا خەریکن دەسووڕێنەوە.


ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانگاو،  لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان و ساڵ ڕۆژی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگەوازی پێشووختەی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەروەها ڕێکخراوە و چالاکە مەدەنییەکانی کوردستان، دووکاندار و کاسباکارانی لانی کەم ١٨ شار مانگرتنێکی بەرین بەڕێوەچوو   وەک شارەکانی؛ بۆکان، دێولان، مەریوان، ئورمیە، سنە، کامێران، بانە، قوروە، ئیلام، بیجاڕ، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، پاوە و میاندواو.

بەپێی ئەو وێنانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون؛ هاوکات ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان، کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان و بەتایبەت نیشانەشکێنەکان لە شار و شوێنە جیاوازەکان بەتایبەت لە شاری سەقز جێگیر کراون و هێزی سەرکوتکەر و یەکەی تایبەت بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەسووڕێنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسدارانیش بەردەوام لە ئاستێکی نزمدا بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستاندا خەریکن دەسووڕێنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەشدا ئەوە هاتووە، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کاسبکاران و دووکاندارەکان یان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کراون یان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت لەم مانگرتنەدا بەشداری بکەن و هەر لەم پەیوەندییەشدا پێنج ئەندامی یەکێتیی زێڕفرۆشانی شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.

ساڵی ڕابردووش چەند جار بە هۆکاری جیاواز مانگرتنی هاوشێوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو، هاوکاتیش چالاکانی پیشەیی و کاسبکاران لەم پەیوەندییەدا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەناچار بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە و سزای پێبژاردنیشان بەسەردا سەپاوە، هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکان چەند دووکانێکیشیان داخستووە و مۆڵەتی کاسبیکردن لەو دووکانە داخراوانە هەڵوەشاندووەتەوە.




PM:07:29:16/09/2023