ئاسایشی هەرێم: سەروەری خاک‌و ئاسمانی هەرێم پێشێلکرا


دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندنێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، رایگەیاند " پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە هۆی شەهیدبوونی سێ هەڤاڵمان لە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان".

لە راگەیاندنێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ( یەکێتی ) ئەمشەو یەک شەممە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٩/١٨ پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە هۆی شەهیدبوونی سێ هەڤاڵمان لە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان، لەکاتێکدا هێزەکانی دژەتیرۆر سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بوون بۆ زیاتر بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان".

لە راگەیاندنەکدا هاتووشە "دەزگای ئاسایشی هەرێم ئیدانەی ئەم کردەوەیەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان هیچ پاساواێکی نییە".

دەزگای ئاسایشی هەرێم دوپاتیشدەکاتەوە کە ئەوان  پێکەوە دەستێکی پۆڵاین دەبن بۆ " لەگۆڕنانی مەرامی دوژمنان و هەموو ئەوانەی چاویان بە ئارامی کوردستان هەڵنایەت'. 

کاتژمێر ٣:٣٠ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بەشی خوارەوەی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و لە ئەنجامدا وەک دەزگای دژەتیرۆر رایگەیاندووە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر بوونەتە قوربانی.



PM:11:37:18/09/2023