کۆمەڵی دادگەری: هەرێم بووەتە گۆڕەپانی تەراتێنی گروپ و دەزگای سیخوڕی بێگانە

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان رایدەگەیەنێت" ئێستا هەرێم بووەتە گۆڕەپانی تەراتێنی گروپ و دەزگای سیخوڕی بێگانە کە ململانێ و ناکۆکییەکانیان لەم گۆڕەپانە ئاڵۆز و لاوازکراوەدا یەکلادەکەنەوە". 

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئەمشەو چوارشەممە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" ئه‌مڕۆ لە شاری هەولێر و بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆبووەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کرا کە بەرەو پێشهات و گۆڕانکاری گەورە و خێرا دەڕوات و پێویستی بە خۆئامادەکردن و هەڵوەستە و خوێندنەوەی جدی و واقیعی هەیە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی خەڵکەکەیەتی، بۆ هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نیە خۆی بە خاوەنی بزانێت و بیەوێت خۆی بکاتە "بەدیل"ـی خەڵک و لەبری ئەوان بڕیار بدات.

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ڕاشیگەیاندووە" هەڵە و تاوانی هێزە دەسەڵاتدارەکان، هەرێمی کوردستانی گەیاندوەتە لێواری هەرەس و ژیانی خەڵکیان بە دەیان قەیرانی سیاسی و ئابوری دروستکراوەوە، سەخت و دژوار کردوە بە ئاستێک کە بەرەو کارەساتی کۆمەڵایەتی دەڕوات، لە غیابی پەرلەمان و لاوازی دەسەڵاتی دادوەرییشدا، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڕیارەکانی خۆی کردوەتە بەدیلی یاسا و باج و سەرانەی سەدان هێندە لەسەر خەڵک زیاد کردووە و بوەتە هۆی قورسترکردنی باری سەرشانی خەڵک".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە "سەخت و کارەساتە کۆمەڵایەتی و شکستە ئابوری و حوکمڕانییەی لە هەرێم دەگوزەرێت، دەخاتە ئەستۆی هێزە دەستڕۆیشت و و دەسەڵاتدارەکانی هەرێم". 

دەشڵێت" ئەم هێزانە ٣٢ ساڵە لەبری دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەتداری و ڕەخساندنی دەرفەتی دادگەرانەی خۆشگوزرانی بۆ خەڵک، تەنها لە خەمی بەرژەوەندی خۆیان و حزب و خزم و بنەماڵە سیاسییەکانی خۆیاندا بون و هەن، 
ئێستا هەرێمی کوردستان بوەتە گۆڕەپانی تەراتێنی گروپ و دەزگای سیخوڕی بێگانە کە ململانێ و ناکۆکییەکانیان لەم گۆڕەپانە ئاڵۆز و لاوازکراوەدا یەکلادەکەنەوە و دواجار دەبێت خەڵکی کوردستان باجەکەی بدات، ئێمە پێمانوایە ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییەی وڵاتانی دراوسێ دژ بە هەرێمی کوردستان، هۆکارەکەی خودی هێزە دەسەڵاتدارەکانن".

هەروەها لەبارەی داواكاری مامۆستایان بۆ مووچه‌، کۆمەڵی دادگەری دەڵێت" پشتیوانی سەرجەم خواستی مامۆستایان و فەرمانبەران ده‌كه‌ین و پێویستە هەرچی زووە دەسەڵات مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت بەسەریەکەوە دابەشبکات و ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ بکات، نەبوونی داهات و کورتهێنان، هیچ کەس باوەڕی پێناکات، ئێمە پێمانوایە گرفتی کەمی داهاتمان نیە، چونکە هەرێمێکی بچوک و دەوڵەمەندین، بەڵکو گرفتی زۆری دز و دەستی ناپاک هەیە کە لە دزینی گیرفان و سەروەتی گشتی و ماڵی خەلکدا سڵ لە هیچ ناکەنەوە، 
عەیبەیە دوای ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی خۆبەخۆ دەرگای قوتابخانەکان بەهۆی نەدانی مافی مامۆستایانەوە قوفڵی لێدرابێت، ئەمە لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە، دەسەڵاتدارەکانی بایی ئەوە شعوری بەرپرسیارێتییان دەبوو کە دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و دەستلەکاربکێشنەوە، نەک هێشتاش ئۆباڵی هەڵە و شکستەکانیان بخەنە سەر خەڵکی تر". 

ئەوەش هاتووە" بێدەنگی خەڵک و دەستبەردرابونیان لە مافی بڕیاردان، درێژە و بەردەوامی دەدات بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی  کە خەڵک و خاکی کوردستانی بەم ڕۆژە رەشە گەیاندوە، داوا لە تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین، لە ئێستاوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادەبکەن و ڕێگەنەدەن بندیوار و مردوی گۆڕستانەکان لە بری ئەوان بڕیار لە ژیان و چارەنوسیان بدەن".

په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت" ئامادەی تەواومان هەیە بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و وەک هەمیشە هیواخوازین بتوانین بەرەیەکی بەهێز پێک بهێنین لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و  کەسایەتیە ناڕازیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بتوانین بەپشتیوانی خوداو هەوڵی جەماوەری ستەم دیدەی هەرێمی کوردستان کۆتایی بەهەژموەنی چەندساڵەی حیزبەدەسەڵات دارەکانی کوردستان بهێنین،  گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام بدەین و  متمانە بۆ هاوڵاتی بگێڕینەوە".


PM:08:07:20/09/2023