جەمیل بایک: پارتی لە دەرەوەی خواستی ئێمەش لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوامبێت، مسۆگەرە پێکدادان ڕوودەدات

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، هۆشداریی دەداتە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق  و دەڵێت " ئەگەر بێتوو دەست لە سیاسەتی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان هەڵنەگرێت، ئەوا پێکدادان دێتە ئاراوە، ئەگەر سەرنج بدەن بە دڵنیاییەوە دەزانن کە پەیوەندیی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا  لەسەر بنەمای "بەکرێگیراوی" بونیات نراوە".

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣، هاوسەرۆکی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی "شارپرێس"ڕایگەیاندووە" سەنگەرگرتنی پەدەکە لە گەریلا بیانووی شەڕە. ئێمە هەوڵ دەدەین بە عەقڵی سەلیم و بەرپرسیارانە ڕووبەرووی ئەم دۆخە ببینەوە، بەڵام ئەگەر پەدەکە پێداگریی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ئێستای بکات، ئەوە بە دڵنیاییەوە، بەبێ ویستی ئێمەش بێت، شەڕ و پێکدادان دێتە ئاراوە."

جەمیل بایک وتیشی: "پێویستە گەلەکەمان لە ماهیەتی پەیوەندیی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا ورد ببنەوە. ئەگەر سەرنج بدەن بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای "بەکرێگیراوی" بونیات نراوە. پەدەکە هەموو هاوکارییەکی تورکیا دەکات. زانیاری هەوڵگریی پێدەدات. جێگە و ڕێگەیان بۆ دابین دەکات. لۆجستیک و خۆراکیان پێدەدات و لەسەر شوێنی مانەوەی گەریلاکان سیخوڕی دەکات. وا دیارە لە چاوپێکەوتنی ئەمدواییەیان لەگەڵ هاکان فیدان ئەو هاوکاری و بەکرێگیراوییە قووڵتریش کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دۆخەی ئێستا برادۆست و سیدەکان لە درێژەی هێرش و پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایە. وادیارە ئەمەش بەرهەمێکی چاوپێکەوتنی هاکان فیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەدەکەیە. ئاشکرایە ئەم پەیوەندییانەی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و گێرەشێونی و جووڵەپێکردنی هێزەکانی ئامادەکارییە بۆ شەڕ.

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕوونیشیکردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ڕژیمی تورکیا لە سەردانی ئەمدواییەیدا بۆ بەغدا نەیتوانیوە بە تەواوی داخوازییەکانی بگات و سەیر لەوەدایە کە بەغدا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا نەبوو، بەڵام بەداخەوە هەولێر ملکەچی ئەردۆغان بوو.

هاوسەرۆکی کەجەکە سەبارەت بە هێرشی ئەمدواییەی ڕژیمی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی وتی:"ئه‌وه‌ بۆ چاوترسێنکردنی گەلی سلێمانی‌ و بەگشتی خەڵکی ئەو هەرێمەیە. دەیانەوێت هەروەک چۆن هەرێمی بادینانیان کردۆتە شوێنی تەراتێنی میت و سوپای داگیرکەری تورکیا، هەرێمی سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن‌ و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش ناچاربکەن کە ئەویش وەک پەدەکە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا بکات. به‌ڵام هێشتا سلێمانی‌ و گەلی ئەو هەرێمە دەستی لەهەڵوێستی نیشتمانپەروەریی خۆی بەرنەداوە. هەربۆیە هێرشێکی نوێیان ئەنجامدا. ئێمە ئەم هێرشە بەتوندی شەرمەزاردەکەین‌ و ڕایدەگەیه‌نین کە بڕوای تەواومان هەیە کە سلێمانی‌ و گەلەکەمان لەو هەرێمە لەسەر لەهەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەیان بەردەوام دەبن، لەمەدا هیچ گومانێکمان نییە."



PM:06:51:23/09/2023