ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستگیركرا


كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهۆی قسەكانی لەبارەی قاچاخچێتی لە مەرزی پەروێزخان و لەسەر سكاڵایەكی وەزارەتی دارایی، بە فەرمانی دادوەر راگیرا (توقیف كرا).
 
كاوە لەتیف، پارێزەری كەریم عەلی رایگەیاندووە "لەسەر سكاڵاكەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ كەریم عەلی چووە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەلارو لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری راگرتنی درا هەتا تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان‌و ئێستا لە گرتوخانەی ئاسایش راگیراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "سكاڵاكەی وەزارەتی دارایی بە پشتبەستن بە مادەی  (2)ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن تۆمار كراوە".
 
هەروەها وتویەتی "بەپێی یاسا تەوقیفكردن تاوەكو 15 رۆژە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە كەفالەت ئازادی بكەین، بڕیاریش لای دادوەرە ئازادی دەكات یاخود نا".

كەریم عەلی، لەسەر پشكی گۆڕان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە و پێشتریش لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لە بوونی حاڵەتی "نایاسایی و قاچاخی لە دەروازەی (پەروێزخان)" كردبوو كە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی نێوان ئێران و هەرێمە لە گەرمیان.



PM:04:54:25/09/2023