لاهور شێخ جەنگی لەبارەی کۆنگرەی یەکێتی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی پەیامێكی بڵاوکردەوەو دەڵێت«  لیستمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان هەیە. و لێرە بەدواوە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بە کاری سیاسیی خۆمان دەدەین».

ئەمرۆ سێشەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣، لاهور شێخ جەنگی، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، "ئۆباڵی کارکردنمان لە دەرەوەی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە دوو ساڵە لە جیاتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و پێکەوە کارکردن، مەشغوڵبوون بە بێدەنگی و سێبەری ئێمەوە”.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت« دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم؛ وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند ڕادەگەیەنین، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانی بە بەشداری سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە قووڵانەی بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە».

«ئێمە چاوەڕوانبووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی ٨ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان ڕاستبکەنەوە و چیتر ئەم ‌حیزبە تێکۆشەرە، پارچە پارچە نەکەن کە بەخوێنی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەران هاتۆتەدی، بەڵام بەداخەوە وا دیارە دەرسیان لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و بڕیاریانداوە کە بەردەوام بن لەو هەڵانەیان»لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند.

بڕیارە سبەینێ ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٣، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە تەلاری هونەر لەسلێمانی دەبەستێت و ٦٠٠ ئەندام بەشداری کۆنگرەکە دەکەن.

بە ڤیدیۆ پەیامەکەی لاهور شیخ جەنگی:



PM:05:58:26/09/2023