پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و کەشوهەوا سارد دەبێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێم نزمدەبنەوە و کەشوهەوا سارد دەبێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، شەوی چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەوە لە رۆژی شەممە ٣٠ی مانگ لە ئەنجامی ھەڵکردنی بایەکی فێنک لە دەریای ناوەراستەوە بۆسەر ناوچەکانمان بەرێژەیەکی بەرچاو ٣ تا ٤ پلە پلەکانی گەرمی نزمدەبنەوە و کەشوھەوای ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی فێنکبوونەوە، ھاوکات لەگەڵ ئەم بارستە ھەوایە کە لە ئەنجامی درێژبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراستە لە رۆژانی ناوەراستی ھەفتەی ئاییندە ٢ بۆ ٤ی مانگی داھاتوو، ئەگەری ھاتنی شێ و نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما دەبێت، لەگەڵ دروستبوونی ھەور و چربوونەوەیان لە ناوچەی جیاجیا بەشێوەی نمە باران و بارانی کەم و چالاکبوونی با و لە ھەندێ ناوچەش ھەورەبرووسکە و بارانی مامناوەند لەگەڵیدا چالاک دەبێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە دوو قۆناغ پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و قۆناغی یەکەم لە رۆژانی ٣٠ی ٩ و ١ی١٠ بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

ھەولێر - ٣٢ پلە

سلێمانی - ٣٠ پلە

دھۆک - ٣١ پلە

ھەڵەبجە - ٣٢ پلە

کەرکووک - ٣٤ پلە

گەرمیان - ٣٦ پلە

راپەرین - ٣٢ پلە

سۆران - ٣١ پلە

ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغی دووەم لە نێوان ٢ بۆ ٤ی مانگی داھاتوو دەبێت کە بەھۆی ھەور و بوونی باران پلەکانی گەرما بەراورد بە قۆناغی یەکەم٢ تا ٤ پلەی دیکە نزمتردەبێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان پێویست بەلابردنی ئامێرە فێنککەرەوەکان دەکات و کەش تا رادەیەک لە رۆژدا فێنک و لە شەودا سارد دەبێت.


AM:12:01:28/09/2023