یەكەم پەیامی پیرۆزبایی بۆ یەكێتی

بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و دەڵێت "ئەم دۆخە ناهەموارە پێویستی بە كاری پێكەوەیی و باشكردن و ئاسایكردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكانە".

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكەیدا كە ئاڕاستەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە رایگەیاندووە "بەبۆنەی تەواوكردنی كارەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەین و ئومێدی سەركەوتنتان بۆ دەخوازین".

بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەداوە "كۆنگرەكەتان لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی سیاسیی، ئابوری و دارایی، بۆشایی دامەزراوەیی، بێ متمانەیی لەنێوان پارتە سیاسییەكان، بێ متمانەیی هاونیشتیمانیان بە دامەزراوە گشتییەكان و لایەنە سیاسییەكانە، ئەم دۆخە ناهەموارە پێویستی بە كاری پێكەوەیی و باشكردن و ئاسایكردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكانە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەكان و باشتركردنی دۆخی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان".

هەروەها دەڵێن "ئومێدەوارین ئەنجامەكانی ئەم كۆنگرەیە، هاندەری‌ زیاتری‌ تەبایی‌ و یەكگوتاریی‌ كوردستانی بێت لەسەر ئاستی‌ عێراق و ناوچەكە؛ بۆ بەیەكەوە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتوە، لە ناوخۆی هەرێمیشدا دەرفەتێك بێت بۆ‌ وەڵامدانەوەی‌ پێداویستییەكانی‌ خەڵك و خزمەتكردنی زیاتری هاونیشتیمانیان".



PM:09:12:01/10/2023