نێچیرڤان بارزانی پێرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی دەکات
پارتی تا ئێستا پیرۆزبایی نەکردووە


نێچیرڤان بارزانی وەک ( سەرۆکی هەرێم ) پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی دەکات، کە چی تا ئێستا پارتی کە هاوبەشی سەرەکی حوکمڕانییەکەیەتی هیچ پەیامێکی بۆ تەواوبوونی کۆنگرەی یەکێتی نەناردووە، یەکێتی لەسەرەتاشەو نیگەرانە لە ئاستی وەفدەکەی پارتی لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا.

میدیاکانی یەکێتی بڵاویانکردەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی  هەرێم ( ماوە بۆ درێژکراوە ) پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی و سەرکەوتنی پێنجەمین كۆنگرە یەکێتی كردووە و هیوای خواستووە، ئەوە ببێتە سەرەتایەكی گرنگ بێت بۆ یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و كاری پێكه‌وه‌یی و پتەوكردنی یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و هه‌مووان رۆڵی خۆیان له‌ پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بگێڕن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیامێکی بۆ تەواوبوونی کۆنگرەی یەکێتی نە ناردووە.

بەپێی بە دواداچوونەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) یەکێتی نیگەرانە لە ئاستی ئەو وەفدەی یەکەمین رۆژ بەشداری کۆنگرەی ئەو حزبەیان کرد، بەپێی ئەو بەدواداچوونە، یەکێتی ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم هەژمار کردووە، وەفدەکەی پارتیش کە بەسەرۆکایەتی د. جەعفەر ئێمنکی بەرپرسی پەیوەندییەکان بوو، بە ئاستێکی نزم هەژمار دەکات، چونکە ناوبراو ئەندامی مەکتەبی سیاسی نییە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا وەفدی هاوبەشی حکومەت کە پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە سەردانی بەغدایان کردو، لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کۆبوونەوە.



PM:08:30:02/10/2023