پێچەوانی حیزبەکانی تر مەسعود حەیدەر:
بەغداد ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچە بدات بە فەرمانبەرانی ھەرێم

لەکاتێکدا هەموو فراکسوێنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەوەدان ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم بنێردرێت،بەڵام مەسعود حەیدەر بریکاری وەزیری دارایی عێراق لەسەر پشکی پارتی دەڵێت:"حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجیەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات".

ئەمرۆ سێشەممە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣،  مەسعود حەیدەر بریکاری وەزیری دارایی عێراق لەسەر پشکی پارتی ڕایگەیاند"حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجیەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات. ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێم و بەغداد دەبێ لە رێگەی دامو دەزگا فەرمێکانی ھەردوولاوە بێت کە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیە".

ئاماژەی بەوەشدا، بە پێی یاسای بودجەی سالی ٢٠٢٣ دەبێ حکومەتی فیدراڵی مانگانە ٧٧٥ ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێم خەرج بکات لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێ بە جێی بکات چونکە پێچەوانەی ماددەی ١١٧و ١٢١ ی دەستوورە.

دوێنێ میدیاکان بڵاویانکردەوە کە سەرجەم فڕاکسوێنە کوردستانیەکانی پەرلەمانی عێراق واژوویان لەسەر یاداشتێک کردوووە کە مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە دابەشبکرێت، ئەو فراکسوێنانە دەستیان کردووە بە واژوو کۆکردنەوەی پەرلەمانتارانی عێراق، بەڵام تەنها فراکسوێنی پارتی دژی ئەم هەڵمەتە وەستاوەتەوە.




PM:04:54:03/10/2023