یەكێتی مامۆستایان: بایكۆتی دەوام یەكسانە بە دوو مووچە


لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان شكاندنی بایكۆتی مامۆستایانی بە دابەشكردنی دوو مووچەی مانگەكانی (8 و 9) بەستۆتەوە.

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی داوەتەوە بۆ دەستپێكردنەوە دەوام و رایگەیاندووە "چاوەڕێی حكومەتی هەرێم بووین كە بۆ یەكجاریش بێت یەك داواكاری مامۆستایانی نیگەران جێبەجێ‌ بكات، سەرەڕای (ڕاگرتنی مووچە و پاشەكەوتی مووچە و مووچەی هەڵپەسێردراو و بڕدراو و چارەكە مووچە و سێ‌ ڕوبعە مووچە) كە لە 8 ساڵی ڕابردوودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و مووچەی مانگەكانی (7 و 8 ) بەیەكەوە دابەش بكات".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمجارەش كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆشكرد، بۆیە ئەم بێ‌باكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دووری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات".


یەكێتی مامۆستایان وتویەتی "بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی داواكارین لەحكومەتی هەرێم مووچەی هەردوو مانگەكانی (8و 9) شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بكات".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێكدا داوای لە مامۆستایان كرد دەست بە دەوامكردن بكەنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەهۆی دواكەوتنی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولەوە، مامۆستایانی سنوری سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كردوە.



PM:07:35:03/10/2023