نوێترین لێدوانی مەسرور بارزانی لەسەر دابەشكردنی مووچە لەلایەن بەغداوە


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت " ئەو هەوڵەی چەند لایەنێك لە بەغداوە دەیدەن بۆ دابەشكردنی مووچە لەلایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە، دژی مافە دەستورییەكانی هەرێمە و دەبێت مووچە لەڕێگای دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەش بكرێت".

مەسرور بارزانی لە میانەی بەشداریكردنی لە ئاهەنگی خولی 42ـەمینی دەرچوانی زانكۆی سەڵاحەددین -هەولێر لە وتارێكدا رایگەیاند، "سوپاسی خۆڕاگری و بەردەوامی مامۆستایان دەكەم كە لەماوەی رابردوو نەیانهێشتوە پرۆسەی خوێندن رابگیرێت هیواخوازیشن ئەو هەوڵانەی بۆ ساردكردنەوەی مامۆستایان دەدرێن سەرنەگرن و نەبنە هۆكارێك بۆ راگرتنی پرۆسەی خوێندن، داواش لە مامۆستایان دەكەم كۆڵنەدەن، چونكە ئێمە كۆڵنادەین".

سەبارەت بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكرد "هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوریی عێراقە، ئەگەر موچەش لە بابەتەكانی دیكە جیابكرێتەوە، دیسان هەر دەبێت لە رێگەی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەش بكرێت، نەك وەكو ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردوە كە بە میكانیزمێكی نادەستوری و راستەوخۆ موچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە، پێویستە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان وەكو كیانێكی فیدڕاڵ پارێزراو بن و نابێت چەمكی فیدڕاڵییەت لەعێراقدا لاواز بكرێت".

هەروەها داواشی لەو لایەنانەکرد، «چێتر هەوڵی ئاسانکاری و رێگەخۆشکردن بە کەس نەدەن کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێل بکەن و ئاسانکاری نەکەن بۆ ئەوەی ریزەکانی خەڵکی کوردستان لەیەک بترازێن، چونکە ئێمە هەوڵێکی زۆرمانداوە یەکڕیزی خەڵکی کوردستان بپارێزین و پێمان وایە تەنیا بەمشێوەیە دەتوانین بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین».

وتیچ « دووپاتی دەکەمەوە بوونی هەمووان بە بوونی ئەوانەی کە نامەی جیاواز بۆ بەغدا دەنێرن کە بوونمان بە هەرێمی کوردستانەوە بەندە و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان گرێنتی مانەوەی هەموومانە و خوانەخواستە هەوڵ بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێش هەموو کەسێک زیان بەوان دەگەیەنێت».






PM:07:11:05/10/2023