لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ بەھۆی گڕگرتنی محاویلەیەکی کارەبا لە گەڕەکی کۆڵێن سیتی لە ناحیەی چوارقوڕنە ماڵێک سووتا و کەسێک گیانی لەدەستدا. 

دوای ڕووداوەکە تیمەکانی بەرگری شارستانی ئیدارەی ڕاپەڕین و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بۆ ئەوەی ئاگرەکە زوو کۆنترۆڵ بکەن.

بەهۆی ڕووداوەکەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر ماڵەکە کەوتووە و ماڵەکە و محاویلی کارەباکەش بە تەواوی سووتاوە.

قوربانییەکە تەمەنی (٥١) ساڵە کە خاوەنی ماڵەکەیە و لە ئێستاشدا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی ڕانیە کراوە. 


PM:02:25:06/10/2023