لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ٤٠ ناوچە بۆردومانکران و ٢٤ کەسیش بوونەتە قوربانی

دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ ناوچەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومانکردووە، هەروەها ٦ هاوڵاتی و ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوونەتە قوربانی و ١٢ کەسیش برینداربوون.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (فورات نیوز)، لە دوێنێوە سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕت کردووە کە شار، شارۆچکە و گوندەکان بوونە ئامانجی ئەو هێرشانە و لە هێرشەکانیشدا ٣ وێستگەی کارەبا، ٤ دامەزراوە و وێستگەی نەوت، پرۆژەیەکی ئاو و وێستگەیەکی بەنزین بۆردومان کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئەو هێرشانە ٦ هاوڵاتی مەدەنی و ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوونەتە قوربانی و ١٢ کەسی دیکەش برینداربوون کە ٢ کەسیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن.

ھەروەھا لەو هێرشانەدا کانتۆنەکانی (حەسەکە، قامیشلۆ، کۆبانێ، ناوچەی عەفرین– شەھبا و منبج) کراونە ئامانج، بە گشتی زیاتر لە ٤٠ ناوچە بۆردومان کراون، هاوشێوەی پرۆژەی ئاوی حمە لە حەسەکە، هەندێک ژێرخانی مەدەنی چەندین جار بۆردومان کراون، لە گوندی مشیرف حمە لە هەمان ناوچە، لە کارگەیەکدا ٣ کرێکار بریندار بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کانتۆنی قامیشلۆ، بەندا، وێستگەکانی کارەبا و نەوت بۆردومان کراون، لەسەر هێڵی عەفرین- شەهبا و ھەرێمی فورات زۆرێک لە گوندەکان بۆردومان کراون و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. 

ڕاشیگەیاندووە" لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆسەر گوندی تل حەبەش کە دەکەوێتە ٣ کیلۆمەتری باشووری ناوچەی عامودای سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ، ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون و ٢ ئەندامیشیان بریندار بوون". 



PM:04:25:06/10/2023