هونەرمەندی ناسراوی ئێران (ئەتیلا پەسیانی) كۆچی دوایی كرد

ئەکتەر و دەرهێنەری بەناوبانگی ئێران (ئەتیلا پەسیان)، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی فەرەنسا لە تەمەنی (٦٦) ساڵدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵێکی (tehran times)، دوێنێ هەینی هونەرمەند و ئەكتەری ناوداری ئێران (ئەتیلا پەسیانی)، دوای ماوەیەکی زۆر تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

ئەتیلا پەسیانی لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی گەشتێکی بۆ فەرەنسا کردبوو بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام دوێنێ بەهۆی خراپتربوونی بارودۆخی تەندروستی لە نەخۆشخانەی فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد.

بڕیارە تەرمەکەی ڕەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێتەوە و لە وڵاتی خۆی بە خاك بسپێردرێت. 

پەسیانی لە ساڵی (١٩٥٧) لە تاران لە دایکبووە و کوڕی هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی جەمیلە شێخی بووە، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ  ئەکتەری دیار فاتمە نەغاوی کردووە، خاوەنی دوو منداڵە بە ناوەکانی (خوسرە و و سێتارە) کە لە ئێستادا هەردووکیان ئەکتەرن.

ئەتیلا پەسیانی دەرچووی دەرھێنانی شانۆ و نواندن بووە، لە ساڵی ١٩٧٧ دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکەم دەرکەوتنی لە فیلمێکدا بووە، لەم نێوەندەدا لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانیشدا ڕۆڵی گێڕاوە و ماوەی زیاتر لە (٤٥) ساڵە زیاتر لە ٤٠ شانۆ و ٧٥ فیلم و ٥٠ زنجیرەدا ڕۆڵی گێڕاوە.

ناوبراو جگە لە کاری نواندن، چەندین شانۆنامەی دەرهێنانی کردووە، هەروەها وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و دەرهێنەری کاستینگ لە ژمارەیەک فیلمدا کاری کردووە و کەسێکی دیار بووە لە بواری بەرهەمهێنان و سەرپەرشتیکردنی سیناریۆدا.

دوا بەرهەمی شانۆگەری پێشانی (قاوەی قاجاری) بوو کە نووسین و دەرهێنانی بۆکردووە و لە ساڵی (٢٠١٨)دا لە هۆڵی سەرەکی شانۆی شار لە تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران نمایشی کردبوو.


AM:11:20:07/10/2023