وەزیری پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بچێتە كۆبانی

‌مستەفای سەید قادر

مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان و سەبارەت نە نەچوونیان تاوەكو ئێستا دەڵێ: "چوونی پێشمەرگە پێویستی بە فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە".

وەزیری پێشمەرگە لە دیدارێكی ئاژانسی ئەسۆشیەتدپرێس، داوا لە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی كرد بە هانای خەڵكی كۆبانێ بچن، كە ئێستا زیاتر لە 130 هەزار كەسیان ئاوارەی باكووری كوردستان بوون.

مستەفای سەید قادر پێیوایە، ئەگەر داعش لە عێراق و باشووری كوردستان بشكێنرێت و لە سووریاش هێرشێك بكرێتە سەریان ، ئەوان تووشی شكستێكی گەورە دەبن و بەرەو لەناوچوون دەچن.

وەزیری پێشمەرگە هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاواش بە ئەركێكی نیشتمانی دەزانێت و دەڵێت "ئەمە واجبێكی نیشتمانییە كە بەهانای كوردانی رۆژئاوای كوردستانەوە بچین".



AM:10:11:24/09/2014