بایدن بۆ ئیسرائیل: هەموو پێداویستییەکانتان بۆ دابین دەکەین

سەرۆکی ئەمریکا پەیامێک ئاڕاستەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت" وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی حەماس دەبێت یەکلاکەرەوە بێت". 

جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئێمە لە پاڵ ئیسرائیل وەستاوین و پشتیوانی لێدەکەین، هەموو پێداویستییەکانی بۆ بەرگریکردن لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ دابین دەکەین". 

بایدن وتیشی" ئیسرائیل هەموو مافێکی هەیە وەڵامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بداتەوە، بە ناتانیاهۆم وت کە دەبێت وەڵامی ئیسرائیل یەکلاکەرەوە بێت". 

سەرۆکی ئەمریکا ڕاشیگەیاند" حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و ئامانجی کوشتنی جولەکەکانی داناوە". 

دەشڵێت" ئێمە تەقەمەنی و مووشەک بۆ ئیسرائیل دابین دەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ئیسرائیل لە توانای بەرگریکردن لە هاوڵاتیانی خۆیدا دەمێنێتەوە، هەروەها بە یەکگرتوویی دەمێنینەوە". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" لە ناو زیندانییەکانی حەماسدا هاوڵاتی ئەمریکی هەن، منیش تیمەکەمم ئاگادار کردووەتەوە کە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل بکەن بۆ ئازادکردنیان". 

لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە شەڕێکی قورس لە نێوان هیزەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ئارادایە کە بەهۆیەوە زیاتر لە (٩٠٠) کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی و چوار هەزار و ٤٥٠ کەسی دیکەش بریندارن.


PM:10:10:10/10/2023