بافڵ تاڵەبانی، زانیاری نوێ دەربارەی هەڕەشەکانی تورکیا ئاشکرا دەکات

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا باش نییە، بەڵام ئامادە نین بچینە ژێرباری هەڕەشەی درۆن و فشارەکانیانەوە"، ئەوەشی خستەڕوو ئەمریکا و هاوپەیمانان زۆر ئامۆژگاریمان دەکەن، بەڵام ئێمە هەندێکجار گوێیان لێ ناگرین.

ئەمڕۆ چوارشەممە١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان بەشداری پانێڵێکی دیداری مێری کرد کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و تێیدا ڕەخنەی لە دۆخی هەرێمی کوردستان گرت و وتی" سەباری ٣٠ ساڵ حکومڕانی و هاتنی پارەیەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا گرفتی نەبوونی ئاو و کارەبامان هەیە و گەنجان کۆچ دەکەن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییە دەرەکەییەکانی یەکێتی کرد و بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند پەیوەندییان لەگەڵ ئیران و ئەمریکاش باشە، بەڵام سەبارەت بە تورکیا وتی: "پەیوەندیمان باش نییە”.

هۆکاری خراپیی پەیوەندییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی تورکیا داوای "هەندێك شت”یان لێ دەکات کە ئەمان ناتوانن جێبەجێی بکەن و وتیشی: "کێشەمان لەگەڵ تورکیا قورسە، ئێستا ناتوانم بچمە تورکیا، چونکە سێ هاوڕێمی بە بێ بوونی هیچ بیانوویەك لە عەربەت شەهید کردووە”.

ئاماژەشیدا بەوەی تورکیا دەیەوێت لە ژێر هەڕەشەی درۆن و فشار داواکانی بەسەر یەکێتیدا بسەپێنێت و وتیشی" بەیانیان هەڵدەستم لە خەو درۆنی تورکیا بەسەر سەرمدا دەسووڕێتەوە. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو درۆنانەی کە ناوبەناو ناوچەی شارباژێڕ بۆردومان دەکەن.
وتیشی، بە هۆی ئەو دۆخەوە خەڵک لێمان بێزارە و دەنگمان پێ نادات و لەو بڕوایەشدا بوو کە یەکێتی دەتوانێت لە ڕێی حکومەتەوە خزمەتی خەڵك بکات، بەڵامپێویستمان بە هاوبەشێکە بۆ ئەویە ئەو کارە بکەین”.

ئاشکراشی کرد کە تورکیا داوای داخستنی بارەگای هەندێك لایەن و دەزگای لێکردوون کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەڵام یەکێتی ڕەتیکردووەتەوە، سەرۆکی یەکێتی جەختیشیکردەوە لەوەی ناچنە ژێر باری هەڕەشەکان و  بە دیالۆگ دەتوانن کێشەکان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن.

سەبارەت بە پرسی یەکخستەوەی پێشمەرگەش ڕایگەیاند "ئەوەی ئاستەنگی دروستکردووە بریتییە لە ڕێگرتن لە دانانی وەزیری پێشمەرگە یان کەسێك بە وەکالەت کارەکانی ئەنجام بدات، ئەمریکا و هاوپەیمانان زۆر ئامۆژگاریمان دەکەن، بەڵام ئێمە هەندێکجار گوێیان لێ ناگرین".


PM:03:27:11/10/2023