وەفدێکی ئەمەریکی لەگەڵ مەسرور بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە


وەفدێکی ئەمەریکا کە لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی و حکومەت کۆبووەوە لە نێویاندا سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراو، بەپێی میدیاکانی پارتی ڤیکتۆریا تەیلەر یاریدەدەری وەزارەتی ئەمەریکاو مەسرور بارزانی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک مووچەخۆرانی دیکەی عێراق بەشێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە، مووچەکانیان لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن. هەرچی میدیای یەکێتییە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە داوامانکردووە مووچە دووربخرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆ ئەوەش چەندین میکانیزمی پێویست خراوەتەڕوو تاوەكو ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەربکەین و بە یاسا ماف و ژیانی خەڵکی هەرێم مسۆگەر بکەین.


رۆژی پێنجشەممە ١٢ ی تشرینی یەکەم مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان( ماوە بۆ درێژکراوە) پێشوازی لە شاندێكی ئەمەریکی بە سەرۆكایەتیی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا كرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی و پێویستیی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی کە دوای سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا، دەرفەتێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردن هاتووەتە ئاراوە کە پێویستە لە دەست نەدرێت.

هەروەها هاتووە " جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بە زووترین کات کرایەوە".

هەرچی میدیای یەکێتی یە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات وەفدکە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبوونەتەوەو سەرۆکی یەکێتی لەسەر کۆی هاوکێشەکان هەڵوەستەیکردوە و ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵە ئەرێنی و یاساییەکان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عیراق و رایگەیاند.

 سەبارەت بە پرسی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە" ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشەیەشدا تاوەكو بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان هێزێکی نیشتمانی و تۆکمە بونیادبنێین، یەکێتیش پشتیوانیی تەواو لە سەرخستنی ئەم ئامانجە نیشتمانییە دەکات بە شێوەیەک یەکسانی و دادپەروەریی تێدا رەچاوبکرێت.



PM:08:08:12/10/2023