جووەکانی هەرێم: نیگەرانین لە سەلامەت و پاراستنی خۆمان

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل  و دێژەی شەڕەکە، نە تەنیا خەڵکی ئەو ناوچەیەی ڕووبەڕووی مەترسی و دڵەڕاوکێ کردووەتەوە، بەڵکو نیگەرانی زۆری بۆ جووەکان لە هەموو دنیا و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان  دروستکردووە.

بەشێک لە جووەکانی هەرێمی کوردستان کە نەیانویستووە ناسنامە و شوێنەکەیان ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە " بێبەری نییەن لەو نیگەرانیانە سەبارەت بە سەلامەتی و پاراستنی خۆیان لە ناوچەکە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی موسڵمانە توندڕەوەکان و ملیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ئەندامانی ئەو کەمایەتییە ئائینییە لە ناوچەکەدا".

لە بەشێکیتری راگەیاندنەکەدا دەڵین" نیگەرانن لە هەڵوێستی هەندێک کوتلەی ناو حەشدی شەعبی بەتایبەت گروپە چەکدارە عێراقییەکانی وەک (عەسائیبی ئەهلی حەق) و (حزبولڵای عێراقی) کە ستایشی هێرشەکانی حەماس دەکەن بۆ سەر ئیسرائیل و بە موجاهید و خەباتکاری ڕێگای ڕزگاری قودسیان ناودەبەن".

دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە کە" جیا لە مەترسی ئەو گرووپانە، جووەکان نیگەرانن لە هەڵوێست و لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی حزبە ئیسلامییەکان  کە لە هەرێمی کوردستان دژ بە جووەکان و ستایشکردنی حەماس بڵاویان کردۆتەوە، و جووەکان دەترسن کە ئەو جۆرە لێدوانانە خەڵک لە دژیان هان بدات ". 

بەرەبەیانی شەممە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس لە رێگای ئاسمان و دەریاو و زەوی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و دواتر ئیسرائیل وەڵامی فەلەستینی دایەوە شەڕەکە  تا ئێستاش  بەردەوامە و کاردانەوەی دەوڵەتانی جیهانی لێکەوتەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش لایەنە سیاسییەکان تا رادەیەک بووە بە دوو بەشەوە هەرچی لایەنە نەتەوەییەکانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لایەنە ئیسڵامییەکان بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە حەماس دەکەن، هەرچی کۆمەڵگاشە سەرقاڵی کێشە ئابووریەکانی رۆژانەیەتی.
 



PM:04:36:14/10/2023