لە باشووری غەززە ئاگربەستێکی کاتی راگەیەندرا

ئەمڕۆ دووشەممە هەریەک لە ئەمریكا، ئیسرائیل و میسر ئاگربەستێکی کاتییان لە باشوری كەرتی غەززە ڕاگەیاند کە لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، رێکەوتنێکی کاتی میسر و ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەر ئاگربەستی کاتی لە باشووری غەززە کراوە کە لە کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆوە بە کاتی فەلەستین دەستپێدەکات. 

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل و میسر ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە دەروازەی ڕەفەح بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر کراوە دەبێت.

تائێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن سوپای ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە ئیسرائیل، هەروەها لەلایەن بەرپرسانی حەماسەوە نەبووە.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامارەکان تائێستا هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیل کوژراون کە (٢٩١)یان سەربازن.

هەروەها ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە دوو هەزارو ٧٠٠ کەس، (١٠) هەزار کەسی دیکەش بریندارن.


AM:10:12:16/10/2023