مەسرور بارزانی: داوادەکەم مامۆستایان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان و خوێندنی قوتابیان بەفیروو نەدەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایان کرد کە بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، هەروەها جەختی لە مافی مامۆستایان کردەوە لە دابینکردنی مووچەکانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراوە) مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر باسی لە پرۆسەی خوێندن و رۆڵی مامۆستایان کرد و رایگەیاند" مامۆستایان مافی خۆیانە لە سەرەتای هەر مانگێکدا مووچەکانیان بۆ دابنین بکرێت و روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە و مامۆستایانیش تەنیا توێژنین بەڵکو هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکە مووچەکانیان دواکەوتووە".

مەسرور بارزانی لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی" کاری باشی کردووە بۆ پرسی مووچە و چارەسەر کردنی کێشەکان، هەروەها داوای لە مامۆستایان کرد سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەو شوێنانەی تا ئێستا دەستی پێنەکردووە، بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە و نەهێڵن خوێندنی قوتابیان بفەوتێت، چونکە مووچەکانیان قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام بەفیڕۆچوونی خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە".


ئەو قسانەش دوای ئەوە دێت کە ٣ی ئەیلوول ساڵی ٢٠٢٣ وەری نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و هۆڵەکانی خوێندنیان داخست و وتیان تا داواکارییەکان کە بریتی بوون لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبیژ و وەرگرتنی مووچەکانیان بەتەواوەتی، ناگەڕێنەوە بۆهۆڵەکانی خوێندن. لەوکاتەوە مامۆستایان خۆپشاندانی زۆریان لە شار و شارۆچکە جیاجیاکانی هەرێم ئەنجام داوە.



PM:08:27:19/10/2023