حەماس: ئێران و حیزبوڵا لە لوبنان چەکمان بۆ دابین دەکەن

ڕێبەری پێشووی حەماس ،خالید مەشعەل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند " ئەو گروپە، سەربازانی ئیسرائیلی  لە ناویاندا ئەفسەری باڵا وەک بارمتەی پێویست هەیە بۆ ئەوەی لە دانوستانەکاندا بۆ ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان بەکاری بهێنن".

خالید مەشعەل لە دەرەوەی کەرتی غەزە هەڵوێستی جیهانی عەرەبی سەبارەت بە حەماس بە "باش" وەسف کرد و وتی " نامانەوێت خەڵک شەڕ بکەن، گروپی حیزبوڵای لوبنانی و ئێران چەک و پشتیوانیمان پێشکەش دەکەن و داوای یارمەتی زیاتر دەکەین".

سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل کە جەخت لەسەر لەناوبردنی ئەم گرووپە دەکەنەوە و وتی" شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل ئەستەمە... تاڵیبان ئەمریکای شکست دا و ئێمەش بە هەمان شێوە ئیسڕائیل دەشکێنین. ئەو وڵاتانەی ئێمەیان خستۆتە لیستی تیرۆرەوە، لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندییان هەیە".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس ڕایانگەیاند کە لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی کە لە کاتی هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ١٥ی ئۆکتۆبەر ڕفێندرابوون، لە دەستی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکاندان.

حەماس پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە زیاتر لە ١٠ کەس لە بارمتەکان بە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون.

 





PM:10:31:19/10/2023