حەماس: تا هێرش بۆسەر غەزە بمێنێت، دانوستان لەسەر بارمتە ئیسرائیلییەکان ناکەین

یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ئوسامە حەمدان، ڕایگەیاند، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە بەردەوام بێت، حەماس ئامادە نییە دانوستان لەسەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بکات کە لەلایەن ئەم گروپەوە دەستگیرکراون.

حەمدان ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی تایبەتی حەماس ئاڵوگۆڕی بەدیلگیراوەکانە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام تا "دەستدرێژی" ئیسرائیل بەردەوام بێت، هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە ئامادە دەکات.

ڕۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویکردەوە" هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ئێستادا بە پشتبەستن بە پلانی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل مەشق و ڕاهێنان دەکەن". 

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەندامانی کابینەی جەنگی ئەو وڵاتە بۆ پشکنینی ئامادەیی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە چوونە باشووری ئیسرائیل، و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری و بێنی گانتز، ئەندامی حکومەتی فریاکەوتنی نیشتمانی ئیسرائیل،  لەم سەفەرەدا یاوەری نەتانیاهۆ بوون.

چەند موشەکێک لە لایەنی لوبنانەوە بەرەو ناوچەی "جەبل دۆڤ" لە باکووری ئیسرائیل ئاراستە کران. شاری ئەسدورت بووە ئامانجی هێرشی موشەک لەلایەن چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی غەززەوە هەروەها لایخۆیەوە وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم ناوچەیە کوژراون گەیشتووەتە چوار هەزار و ٣٨٥ کەس. لەم هێرشانەدا لانیکەم ١٣ هەزار و ٥٠٠ فەلەستینی بریندار بوون.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ئەنجامی هێرشی لەناکاوی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستی پێکرد و تائێستاش بەردەوامە و بە هەزاران کەس بوونەتە قوربانی. 



PM:11:22:21/10/2023