نێچیرڤان بارزانی: ئاگاداری دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانین

سەرۆکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی مامۆستایانین و دڵنیابن حکومەت هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی دەدات". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارانی زانكۆی سۆران وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند" دڵنیابن قەیرانەکان تێپەڕ دەبن و بە هەوڵی خەڵکی کوردستان دەگەینە ئایندەیەکی باشتر". 

وتیشی" لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەمیشە لە دۆخەکە تێگەیشتوون، دۆخی سەختی ئابوورییان لەبەرچاو گرتووە و خۆڕاگر بوون". 

بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان دەدات کە "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامن و لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێم پەیوەندی جددی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە". 

نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بەو مامۆستایانەی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری مانیانگرتووە، وتی" داوا لە مامۆستایانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەم کە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە زیانیان بەرکەوتووە، پەروەردە و پەروەردەی منداڵەکانمان نەبنە قوربانی ئەو دۆخە، ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخەکانتان و بژێوی ژیانتان دەکەین، دڵنیابن حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتێکدا هەرێم بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، ئێمە لە عێراق بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەموو کاتێکی تر پێویستمان بە تەوافوق هەیە، پێویستە هەموو لایەک بەرژەوەندی میللەت بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و ڕێگە بە خۆمان نەدەین وڵات ببێتە بەشێک لە کێشەکان. 

ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆ شوێنێکە بۆ فێربوون و مەعریفە، دەبێت دەرچوو نموونەی دەستپێشخەر و بیری کراوە بێت، دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لە هەر بوارێکدا و بەشدارێکی کارا بێت لە دەوڵەمەندکردنی ڕۆشنبیری و ئاستی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە. 

دووپاتیشی کردەوە، پێویستە زانکۆ هەمیشە گرنگی بە بەرزی کوالێتی خوێندن بدات، تا ئەوپەڕی سوود لە زانستی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژی وەربگرێت، زانیاریەکانی بە نوێترین تەکنەلۆجیا لە هەموو بوارەکاندا نوێ بکاتەوە، گرنگی تایبەت بە بوارەکانی خوێندنی زانستە مرۆییەکان بدات و بەردەوام لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە) فەرمانێکی وزاری دەرکرد بۆ دەستکردنەوەی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆش مامۆستایانی ناڕازی دژی بڕیارەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. 


PM:06:47:22/10/2023