وەزارەتى دارایی: لێکدانەوەی هەڵە بۆ داهاتی ناوخۆی هەرێم کراوە

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لێکدانەوەی هەڵە بۆ داهاتی ناوخۆی هەرێم کراوە، ئەو بەرێوەبەرایەتییانەی داهاتی ناوخۆ پەیدا دەکەن ٢٥٪ی دەگەرێتەوە بۆ وەزارەکەیان و بەکاری دەهێننەوە". 

مه‌ولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێم، لەبارەی داهات و پارەی مووچەوە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە" بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی ئەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاوەكوو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەوترێت ٣٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژماربكەین، بزانین چەندە". 

ئاماژەى بەوەشکردووە، داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە كە وەكو نەقد دەتوانن بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستی حكومەت بەكاریبهێنن.

دەشڵێت" ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات هەژماركراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە، هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، بۆ نمونە، لە هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ ٢٥%ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئێمە نییە، تاوەكو بەكاریبهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیاندەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاریكراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن". 

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێم ئەوەشى خستەڕوو، بەهۆی کەمی سیولە و کاش لە بانکەکان، کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دروستبووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە داهاتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بەکارهێنراوە و ئەو دۆخە درێژبۆتەوە تا ئەوکاتەی داهاتی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی ٦ و ٧ بەکارهێنراوە کە هەردوو مانگەکە ٥٣٥ ملیار دینار کورتهێنان هەبووە و بە داهاتی ناوخۆی سێ مانگ پڕکراوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە" ئەوە جگە لە خەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی ١١٠ ملیار دینارە و خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە ١١٠ ملیار دینارە کە هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابیندەکرێت". 


PM:11:08:23/10/2023