کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: هیچ هۆکارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند "هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوا ناخرێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و هیچ هۆکارێک بۆ دواخستنی نییە".


ئەمرۆ سێشەممە ٢٤ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ عیماد جەمیل بەڕێوەبەری تیمی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند” هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و  کێشە ناوخۆی و دەرەکییەکان کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکە نابێت و دواناخرێت".

عیماد جەمیل راشیگەیاند" لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکە دەکرێت و دواناخرێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان و لە رابردوشدا لە ئەگەری هەبوونی چەندین گرفتی ناوخۆی و دەرەکی لەسەر عێراق هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دران و وەک هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩، ئەوەی روودەدات لە گرژی و ناکۆکییەکان لە ناوخۆی و دەرەوەی عێراق هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی و ئەرێنی لەسەر هەڵبژاردنەکان نابێت". 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، کە هەندێ لایەنی سیاسی کار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن، بۆ ئەوەش فشار لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەکەن.  بەڵام ، عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو" یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاماژە بەوە دەدات کە نابێت وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە رۆژی ٢٠ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر دوابکەوێت". 



PM:06:32:24/10/2023