سودانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه له باره‌ی فراوانبونی ململانێی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ی بۆ گۆڕه‌پانی وڵاتانی ناوچه‌کە هۆشداریدا و داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد ڕۆڵی خۆی له‌م بواره‌دا بگێڕێت.
نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران بڵاویكرده‌وه، "ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د شیاع سودانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له جه‌یمس كلیڤه‌رلی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیاوه پێگه‌یشت، له‌و په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فۆنیه‌دا، په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و پرسی فه‌ڵه‌ستین به‌تایبه‌تی گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا".
له میانه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا، سودانی جه‌ختی له گرنگیی ڕۆڵی ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به گشتی كرده‌وه، بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی و پێشێلكارییه‌كانی قه‌واره‌ی زایۆنیستیی ئیسرائیل دژی گه‌لی فه‌له‌ستین و دوركه‌وتنه‌وه له بڵاوبونه‌وه‌ی ململانێ و شه‌ڕ بۆ گۆڕه‌پانه‌كانی دیكه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ستایشی مامه‌ڵه‌ی عێراق و سودانی كرد له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه و گرژییه‌كانی ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر پێویستی داوای ئاگربه‌ست و خێراكردنی گه‌یاندنی یارمه‌تییه مرۆییه‌كان بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرده‌وه، بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی به‌رده‌وام و دادپه‌روه‌رانه.