ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران و حەماسدا سەپاند

ئەمریکا سزاکانی بەسەر ١٠ ئەندامی باڵای تۆڕێکی دارایی گەورەی سەر بە حەماس لە غەزە، قەتەر، تورکیا، سودان و جەزائیر ڕاگەیاند.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند" کە ١٠ ئەندامی بزووتنەوەی حەماسی لە نێویاندا فەرماندەیەکی سەرەکی و هەروەها ئاسانکارە داراییەکانی ئەو گرووپەی سزا داوە".

هەروەها بڵاویکردۆتەوە" نزیکەی هەزار ئەندامی ئەو تۆڕە تیرۆریستییەی کە ئێران پشتیوانیی دەکات، لەوانە حەماس و حیزبوڵڵا، لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆ دراون".

لە نێو ئەو کەسانەی کە گەمارۆ دراون، ناوی (ئەیمەن نەهاف)، ئەندامی باڵای هێزەکانی (غەزدین قاسامی حەماسیش) دەبینرێت کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا کوژرا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەڵێت" سزا نوێیەکان بریتین لە سەروەت و سامانی سندوقێکی وەبەرهێنانی نهێنی کە پەیوەندی بە حەماسەوە هەیە لە قەتەر، لەگەڵ ئاسانکاری دارایی کە بنکەکەی لە قەتەرە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕژێمی ئێران هەیە، فەرماندەیەکی سەرەکی حەماس و ئاڵوگۆڕێکی دراوی کریپتۆ کە بنکەکەی لە غەززەیە ". 

لەهەمان کاتدا، جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند" کە ئەمریکا هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوەی گرتووەتەبەر بۆ بە ئامانجگرتنی دابینکەران و ئاسانکاری دارایی حەماس دوای کۆمەڵکوژییە دڕندانە و بێماناکانیان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل، لەنێویاندا منداڵان".

ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا حەماسیان خستۆتە لیستی سزاکانیانەوە و ئەمریکا باس لەوە دەکات کە "کۆماری ئیسلامی گەورەترین پاڵپشتی دارایی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەزەیە و ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو گرووپانە دابین دەکات".

هەرلەم پەیوەندییەشدا ئەمریکا رایگەیاندووە" بە ڕێوشوێنی نوێ سەرەڕای کۆتایی هاتنی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان دژی بەرنامەی مووشەکی ئێران، هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بەرنامەیە و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران چڕتر دەکا".






PM:04:44:27/10/2023