مامۆستایانی ناڕازی بڕیارە سبەی یەکشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دووبارە بێنە سەرشەقامەکان و بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خۆپشاندان ئەنجام بدەن.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە" بڕیارە سبەینێ یەك شەممە ٢٩ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و داواش لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆك دەكەن بچنە پاڵ ناڕەزایەتییەكانیان".
مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامەکەدا رایانگەیاندووە" داوا دەکەین سبەی یەک شەمە دەوام ڕابگیرێت لەوەزارەت و فەرمانگەکان و دوکان و بازاڕەکان دابخرێن، هەموویان بێنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە".
مامۆستایان رایانگەیاندووە کە چەند مەرجێكیان داناوە بۆ شكاندنی بایكۆت و كردنەوەی هۆڵەكانی خوێندن کە بریتین لە"
١ــ پێدانی دوو مووچە.
٢ــ دەست پێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بێ مەرج، کە دەتوانن ئەو کارە بکەن، کە لەدەسەڵاتی خۆتاندایە و بێ هیچ یاسایەک وەستاندوتانە.
٣ـ بەڵێندان بەدامەزڕاندنی وانەبێژان لەسەرەتای ساڵی داهاتوو تا لە وەرزی دووەم بایکۆت نەکرێتەوە.
٤- لەكاتی هەمواری یاسای بودجە ڕازی ببن بەوەی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق و بانکە عێراقییەکان".
ئەمە لە کاتێکدایە ٣ ئەیلوول ساڵی ٢٠٢٣ وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و هۆڵەکانی خوێندنیان داخست و وتیان تا داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێت ناگەڕێنەوە بۆهۆڵەکانی خوێندن و لەمماوەیەدا چەندینجار رژانە سەرشەقامەکان و خۆپشاندانیان ئەنجامدا.