وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە دواکەوت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت" جارێکی دیکە، ناردنی ٧٠٠ ملیاره‌كه‌ دواکەوت".

ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند" بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی ٧٠٠ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی موچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت".

پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (ماوەبەسرچوو) وتی" ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی". 

رۆژی ٢٤ـی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٣، دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند" دوای سەری ساڵ، تەسویەی حسابات لەگەڵ هەرێم دەکرێت، كه‌ چەند پارەی بۆ رەوانە کراوه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ باسم عه‌وادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، راگه‌یاندبوو"دوای تەواوکردنی تەمویلی وەزارەتەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبه‌ران، وەزارەتی دارایی ٧٠٠ ملیارەکەی هەرێم بۆ ئەم مانگە رەوانە دەکات".



PM:09:26:28/10/2023