مەسرور بارزانی: لە دەرەوەی هەرێم خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان هەیە

سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان هەیە، ئەوەی ماوەتەوە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرگی بۆ دروست بکرێت و پاکێجینگی بۆ بکرێت". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی کردنەوەی کارگەی پاکەت و کارتۆنی پاکێجینگی فابیابی ڕایگەیاند" کەرتی پیشەسازی لە هەرێم گەشە دەکات، هەروەها پاڵپشت و هاندەر دەبێت بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بەو پێیەی توانیمان لە ماوەیەکی کورتدا بەرهەمی جوتیاران و بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە بکەین". 

بارزانی وتیشی" ئەم جۆرە کارگانە زۆر پشتگیری دەکەن لە پرۆسەی بە بازاڕکردن و بانگەشەکردندا، هەروەها بۆ ئەو شتانەی کە مارکەی بەرهەمەکانمان پێویستی پێیەتی". 

مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بەرهەمەکانمان تامێکی تایبەتیان هەیە، خواستێکی گەورەش بۆیان هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بانگەشەیان بۆ بکرێت و بخرێتە بازاڕەوە و لە قوتودا بخرێنە ناو پاکەت و پاکێجینگی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەناردەی بکەین بە باشترین شێوە".  


AM:11:24:31/10/2023