وەزارەتی نەوتی عێراق: مانگی رابردوو داهاتی فرۆشی نەوت زیاتر لە ٩ ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە" لە مانگی تشرینی یەکەمدا داهاتی هەناردنەکردنی نەوت زیاتر لە ٩ ملیار دۆلار بووە". 

وەزارەتی نەوت لە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" مانگی تشرینی یەکەم ١٠٩ ملیۆن و ٥٤٥ هەزار و ٥٨٩ بەرمیل نەوت هەناردە کراوە و داهاتی فرۆشی نەوتیش زیاتر لە ٩ ملیار دۆلار بووە".

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق  لەمبارەوە ڕایگەیاند"بۆئەوەی حکومەت شەفاف بێت ئەرکی سەرەکیمانە کە داتا و ئامارەکان بەڕوونی و شەفافی بخەینەڕوو".

هەروەها هاتووە" بە تێکڕا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٨٨ دۆلار و ٢٦ سەنت فرۆشراوە، و کۆی داهاتی نەوتیش ٩ ملیار و ٦٦٩ ملیۆن دۆلار بووە".

مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە بۆ بەندەری جیهان راگیرا و بەو هۆیەشەوە داهاتی نەوتی هەرێم رووەبڕووی گرفتی گەورە بووەوە.

تورکیا ئامادەیی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەربڕیوە و عێراقیش هەوڵی هەناردەکردنی دەدات، بەڵام کێشەی خەرجی و شایستەی کۆمپانیاکان بۆتە بەربەست بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.




PM:06:45:01/11/2023