کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق چەند مەرجێکی بۆ بەربژێرەکان دیاری کردووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، راگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا هاتووە" نابێت پۆستەری بانگەشەی بەربژێرەکان بەدیواری پەرستگاکان (مزگەوت، حوسەینیە و کەنیسە) هەڵبواسرێت، بە هەمانشێوە هەڵواسینی پۆستەر لەسەر دیواری شوێنەوار، قوتابخانە، پرد و شۆستەی نێوان شەقامەکان قەدەخەیە".

هەروەها رایگەیاندووە" رێگە نادەن هیچ پۆستەرێک بە مادەیەک بلکێندرێت بە دیوارەکانەوە کە لێنەکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەی هەڵواسینی پۆستەر بە تابلۆکانی هاتووچۆ قەدەخەیە".
 
ئەمڕۆ هەینی  ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی (رووداویێ) راگەیاندووە" سەپێچیکارانی ئەو رێنماییە بەگوێرەی رێوشوێنەکانی شارەوانی لەپارێزگاکانی عێراق سزای پێبژاردن دەدرێن و هەندێک رێنماییتر هەیە کە قورسترین سزایان دەگاتە ٥٠ ملیۆن دینار."
 
رۆژی یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە ٤٥ رۆژ دەخایێنێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق ١٨ی کانونی یەکەمی ئەمساڵی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکردووە.



PM:12:04:03/11/2023