ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی راگەیەندراوێکی توند دەردەکات

لەکۆبوونەوەی خۆیدا ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەلاغێکی توند دەردەکات. بەلاغەکە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت لەچەند بڕگەیەکدا رەخنە لە پارتی دەگرێت.

لە بەلاغەکەدا لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەڵێت" نابێ پێکهێنانی ئیدارە خۆجێییەکان بانێک و دوو هەوا بێت و بەجۆرێک لەهەولێر ودهۆک سیاسەتی تاکڕەوانە پیادەبکرێ و لە سلێمانیش قسە لەسەر ئیدارەی بنکەفراوان بکرێ".( ئاماژەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان).

لە بڕگەیەکی تری بەیانەکەدا هاتووە "ئەنجومەنی ناوەندی بەتوندی ئیدانەی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانە دەکات کە هەندێک لایەن بۆ داپۆشینی شکستە سەربازی و دارایی و سیاسییەکانی خۆیان دەیخەنە پاڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی لەسەر بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان کە خەڵکی کوردستان وشیارەو چاک دەزانێت چ لایەنێک بوو داوای دەکرد شاندی هەرێم بچێتە بەغدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەو بودجەی هەرێم و چ لایەنێکی دیکەش بوو بەهەموو شێوەیەک ناردنی شاند بۆ بەغدای رەتدەکردەوە".

ئەمە دەقی بالاغەکەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیە:

بەلاغی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) 
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەندام و لایەنگران و دۆستانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەدوای پەلامارەکانی تیرۆریستان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی فراوانی عیراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ناوچەی شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی سەر بەپارێزگای موسڵ و تیرۆرکردنی هەزاران هاوڵاتی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاوڵاتی دیکەی بێتاوان و رفاندنی هەزاران کچ و ژنی کورد لەشەنگال و دەوروبەری، پێشهات و گۆڕانکاری و دۆخێکی نوێی بەدوایخۆیدا هێنایە کایەوە، کە کاریگەری سیاسی، ئابوری، مرۆیی، ئیداری، ئەمنی، لێکەوتەوە.
لەهەمان کاتدا پێشمەرگەی کوردستان بەپشتیوانی خەڵکی کوردستان قارەمانانەو خۆڕاگرانە رووبەڕووی تیرۆریستان بۆتەوە، وە بەرەیەکی فراوانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی دوژمنە هاوبەشەکەیان (داعش) دامەزراوەو دەستیانکردووە بەهێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان لەعیراق و سوریا کە ئەمە هەنگاوێکی نوێی نێودەوڵەتییە لەبەرژەوەندی گەلی کوردستاندا لەباشورو رۆژئاوای کوردستان و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانە.
بەڵام هێشتا ئەرکی قورس لەبەردەم گەلی کوردستاندایەو دۆخەکە پێویستی بەخۆڕاگری و پشوو درێژییەکی زیاتر هەیە تا هەموو ناوچەکانی کوردستان بەتایبەتی لەسنوری پارێزگای موسڵ لەژێر جنگی تیرۆریستان پاکبکرێتەوە.
بۆیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی بەمیوانداریکردنی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و فراکسیۆنەکانی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان و پاش تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و شەڕی دژەتیرۆر لەباشورو رۆژئاوای کوردستان و چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لەحکومەتی نوێیی عیراقداو چۆنیەتی پێکهێنانی ئیدارە خۆجێییەکانی هەولێرو دهۆک بەشێوەیەکی تاکڕەوانەو هەنگاوەکانی پێکهێنانی ئیدارە خۆجێیەکەی سلێمانی، هەموو ئەمانە بارودۆخێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە، بۆیە ئەرکێکی نوێ کەوتۆتە ئەستۆمان کە:
١- کاراکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەشداریکردنی یەکێتی لە ئەنجومەنە خۆجێییەکاندا بەپێی سەنگ و پێگەی سیاسی خۆی بێت، بۆیە نابێ پێکهێنانی ئیدارە خۆجێییەکان بانێک و دوو هەوا بێت و بەجۆرێک لەهەولێر ودهۆک سیاسەتی تاکڕەوانە پیادەبکرێ و لە سلێمانیش قسە لەسەر ئیدارەی بنکەفراوان بکرێ، وە جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی بەڕێوەبردنی هەموو جومگەکانی حکومڕانی لەهەرێمدا لەسەر بناغەی حکومەتی هاوبەش و بنکەفراوان.
٢- ئەنجومەنی ناوەندی بەتوندی ئیدانەی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانە دەکات کە هەندێک لایەن بۆ داپۆشینی شکستە سەربازی و دارایی و سیاسییەکانی خۆیان دەخەنە پاڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی لەسەر بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان کە خەڵکی کوردستان وشیارەو چاک دەزانێت چ لایەنێک بوو داوای دەکرد شاندی هەرێم بچێتە بەغدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەو بودجەی هەرێم و چ لایەنێکی دیکەش بوو بەهەموو شێوەیەک ناردنی شاند بۆ بەغدای رەتدەکردەوە.
٣- تواناکانمان بخەینە گەڕ لەپێناو بەدەستهێنانی پشکی گەلی کوردستان لەحکومەتی نوێی عیراقدا، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشەی (بودجەو نەوت و پیشمەرگە) بۆ ئەمەش بەزووترین کات وەفدە دانوستانکارەکان چالاکبکرێ و هەموو ئەو بەڕێزانەی تەکلیفکراون بۆ پۆستەکان دەستبەکاربن، بەتایبەتی پۆستە سیادییەکانی وەک وەزیری دارایی عیراق کە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانەو تائێستا دەستبەکار نەبووە تاکو بودجەو میزانییەی هەرێم و عیراق پەسەند بکات، پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆک کۆمارو فراکسیۆنی یەکیتی لەپەرلەمانی عیراق دەکەین و داواکارین بەزووترین کات کاندیدەکانمان دەستنیشان بکرێن بۆ پۆستەکان لەحکومەتی نوێی عیراقدا.
٤- پشتیوانی تەواوی هێزی پێشمەرگە دەکەین و داواکارین کە هەولی زیاتر بدرێ بۆ چارەسەری کیشەکانیان لە مووچەو چەک و تەقەمەنی و تۆکمەکردنی سەنگەرەکانیان، بۆ ئەمەش داواکارین بەشێوەیەکی کاراو بەپێی سەنگی یەکێتی لەناو پێشمەرگەو قوربانییەکاندا رۆڵی هەبێ لەوەزارەتی پیشمەرگەو سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکانداو پەلەبکرێت لەدابەشکردنی چەک و تەقەمەنی بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بەسەر بەرەکانی شەڕدا.
٥- پێداچوونەوە بەپەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عیراق و کوردستان بەتایبەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ (پ.د.ک) بکرێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای کە بەشێوەیەک سەنگ و پێگەی یەکیتی بەهەند وەربگیری لەهەموو بوارەکاندا.
٦- ئەنجومەنی ناوەندی پشتیوانی تەواوی خەباتی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین رەزامەندی دەرببڕن لەسەر پشتیوانی سەربازی و مرۆیی بۆ خۆرئاوای کوردستان بەتایبەتی بۆ کۆبانی و دەوروبەری بەزووترین کات.
سڵاو لەپێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان…
نەمری بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان…
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٧/٩/٢٠١٤



PM:05:43:27/09/2014