بلینکن: هەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانمان

ئەمشەو یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد رایگەیاند" ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێنە سەریان قبووڵنەکراون". هاوکات بەردەوامی هاوکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند" سودانی ئیدانەی هێرشەكانی سەر سوپای ئەمریكای كردووە". 

وتیشی" ئێمە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە شەڕی غەززە نەقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانمان، ئێمە نامانەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران ڕووبدات، بەڵام هەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاوڵاتییان". 

بلینکن ڕوونیشیکردەوە کە هەوڵی خۆیان دەدەین بۆ ئەوەی ململانێکان لە دەرەوەی غەززە فراوان نەبن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغداوە ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆیەکی زۆر باش و ڕاشکاوانەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، هەروەها ڕوونیشیکردەوە کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی بارودۆخی ئەمنی کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی لە پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەردەوام دەبن.

بلینکن پێش سەردانەکەی بۆ بەغداد، ئەمڕۆ گەیشتە شاری ڕامەڵڵا و لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کۆبووەوە و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان تاوتوێ کردبوو.


PM:10:22:05/11/2023