سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: مەترسی هەژمارنەکردنی ئەم ساڵی خوێندن هەیە

سەرۆکی خولیی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند" لە ئەگەری بەردەوامبوونی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پرۆسەی ئەمساڵی خوێندنی قوتابیان دەفەوتێ و تاقیکردنەوەی وەرزی ئەمساڵ بەڕێوە ناچێت".  
 
ئەمڕۆ هەینی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ عەبدولواحید محەممەد، سەرۆكی خولیی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە لیدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند" هەوڵێک لە هەموو لایەنەکانەوە هەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێبکاتەوە، ئومێد دەکەین بە هەموومانەوە بتوانین سەریبخەین، چونکە راوەستانی پرۆسەی خوێندن زیانێکی گەورەی هەیە و مەترسیدارە".
 
هەروەها وتیشی" ئەگەر خوێندنی وەرزی یەکەمی ئەم ساڵ نەکرێت، تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمیش ناکرێت کە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتووە، ئیدی مەترسی هەژمارنەکردنی ئەم ساڵی خوێندنی ئەو ناوچانە دروستدەبێت و ئەگەر ئەوە روویدا ئەو کات لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەش نامێنێت و دەبێت داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت چارەسەرێک بۆ ئەم ساڵی خوێندن بدۆزرێتەوە".


زیاتر لە مانگێکە کە هۆڵەكانی خوێندن لە سنووری (سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كۆیە و گەرمیان) بەهۆی پێنەدانی مووچەوە، بایکۆت کراوە و مامۆستایان جەخت لە بەردەوامی بایكۆت دەكەنەوە و چەندجارێک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خۆپشاندانیان ئەنجام داوە.

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار قوتابی هەن،بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نزیکەی ٧٠٠ هەزار قوتابی تائێستا دەوامیان نەکردووە.
 
 



PM:10:33:10/11/2023