شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکانە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولیری کرد و بڕیارە لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
 
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتەوە بە مەبەستی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکانیان لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پێشوازیان لێکرا،بڕیارە شاندەکە ماوەی دوو رۆژ لێرە بن و لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و کێشەکانی چارەسەر بکەن.


 
حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند" هەناردەی نەوتی هەرێم گرینگە و لەگەڵ هەرێمی کوردستان لیکتێگەشتینی باشمان هەبووە،و بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتە و حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن".

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی "هەنگاوی یەکەم، رێککەوتنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن و رێککەوتنێکی سەرەتاییشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین".

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەیەکتێگەیشتنی باشمان هەیە.

لە لایەکیترەوە کەمال محەمەس ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند " کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە ولە یاسای گشتیی فیدراڵی، بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان شەش دۆلار دیاریکراوە. ئەم نرخە لەگەڵ شێوازی گرێبەستەکانمان ناگونجێت". 

بە گوێرەی هەواڵەکان شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ماوەی دوو رۆژ لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و بڕیارە لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا بگەنە ئەنجامێک لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی بەردەمی.




AM:09:12:12/11/2023