حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت راگەیاند

ئەمڕۆ چوارشەممە لە برگەیەکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کرا و رایانگەیاند" کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە نەوت هەناردە بکاتەوە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی تشرینی دووەم ی ٢٠٢٣  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجام دا و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی راگەیەندرا.

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان( ماوە بۆ درێژکراوە) هاتووە" سەرۆک وەزیران ، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە". 

هەروەها هاتووە" دانووستانەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەرێنی بەڕێوەچووە و بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، هەروەها شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن".

ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی تاوتوێ کرد.

مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە بۆ بەندەری جیهان راگیرا و بەو هۆیەشەوە داهاتی نەوتی هەرێم رووەبڕووی گرفتی گەورە بووەوە.



PM:07:44:15/11/2023