مەترسیدارترین قاچاخچی دۆلار دەستگیر دەکرێت

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی دۆلاریان دەستگیر کردووە و رایگەیاند" یەکێک بووە لە مەترسیدارترین قاچاخچییەکانی دۆلار". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند"  دوای بەدواداچونەکانیان سەبارەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی دۆلار و یاریکردن بە نرخی دراوەکانەوە، یەکێک لە مەترسیدارترین قاچاخچییەکانی دۆلاریان دەستگیرکردووە". 

هەروەها ڕایگەیاندوە" تۆمەتبارەکە، خاوەنی چەند بانکێکە و لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو کاری کردووە و رۆژانە مامەڵەی بە چەند ملیۆن دۆلارێکەوە کردووە". 

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا هاتووە" ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ پێی یاسا بووه‌ و له‌ كاتێكیشدا بووه‌، كه‌ ویستوویه‌تی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆی ده‌رباز بكات". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین کەس بە تۆمەتی سپیکردنەوە و بە قاچاخبردنی دۆلار دەستگیرکراون.



PM:08:51:15/11/2023