جۆ بایدن: دانوستانەکانمان لەگەڵ چین بنیاتنەر بوون

 سەرۆکی ئەمریکا ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە سانفرانسیسکۆ دانوستانەکانی خۆی بە بنیاتنەر ناوبرد و وتی" گەیشتوونەتە رێکەوتن". 

دوای چوار کاتژمێر دانوستان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی" دانوستانەکان لەگەڵ سەرۆک شی جین پینگ تازە کۆتاییان هاتووە و من پێموایە ئەم دانوستانانە لە بەسوودترین و بەرهەمدارترین دانوستانەکان بوون کە هەمانبووە".

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند" پێشکەوتنی گرنگمان بەدەستهێناوە لەسەر بنەمای ئەو بوارانەی کە لە ئەنجامی چەند مانگێک هەوڵی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات بوون".

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی چین  بایدن ئاماژەی بەوەدا کە هەردوو وڵات لەسەر پرسەکانی وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوپای ئەمریکا و چین گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە ڕێکارێکی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەڵەیەک زانی.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە" بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس، بایدن داوای لە شی جین پینگ کردووە کە کاریگەری خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی داوا لە ئێران بکات پێش بە هێرشەکانی گروپەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت".

جۆ بایدن ڕۆژی چوارشەممە لە باشووری سانفرانسیسکۆ بەخێرهاتنی شی جین پینگی کرد، بڕیارە دوای ئەم کۆبوونەوەیە لە لوتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیای زەریای هێمن لە سانفرانسیسکۆ بەشداری بکەن.

پێشتر بایدن ڕایگەیاندبوو" کە ئەمریکا و چین دەبێت دڵنیابن لەوەی کە کێبڕکێی نێوانیان ناچێتە ناو ململانێ و پەیوەندییەکانیان بەرپرسیارانە بەڕێوەببەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و زیرەکی دەستکرد پێویستی بە گرنگیدانی هاوبەشیان هەیە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، میدیا نێودەوڵەتییەکان پێشبینیان کردبوو کە سەردانەکەی شی جین پینگ بۆ ئەمریکا بە بانگهێشتی فەرمی جۆ بایدن، دەکرێت سەرەتای گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمریکا و سین بێت.

گرژییەکانی پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپەوە لە شەڕی گومرگی دەستیپێکردووە و ساڵ بە ساڵ توندتر بووەتەوە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوە لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەردەوام بووە.
 



AM:08:48:16/11/2023