رۆژی یەکشەممەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم دابەشبکرێت.
 
عەلی رەئووف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم، ئەمڕۆ پێنج شەممە بە میدیاکانی ڕاگەیاند" رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت". 

وتیشی" پرۆسەی دابەشکردنەکە لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات و لە چەند رۆژێکی کەمدا دەدرێتە هەموو پەروەردەکانی دیکە". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە هەر ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر بچنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و داوای دامەزراندن هەمیشەیی دەکەن. 

ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و كۆیە و گەرمیان مامۆستایانی هەمیشەیی و وانەبێژان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای وەرگرتنی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا دەکەن. 

هەر ئەمڕۆش ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە ھەژمارکردن یاخود نەکردنی ساڵی خوێندن لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەیە و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ھەموو شوێنێک تەواو دەکرێت. 


PM:02:31:16/11/2023