مامۆستایانی ناڕازی دوایین بڕیاری خۆیان راگەیاند

مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی دوای ئەنجامدانی کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانی بڕیاریاندا بەردەوام بن لە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن.

ئەمڕۆ سێشەممە٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (سپی) ئامادەی بوو بەیاننامەیەكیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند" مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە بایكۆت و خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خۆیان تاوەكو جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكانیان، كە دامەزراندنی هەمیشەییە".

ڕاشیانگەیاند" پاڵپشت لەگەڵ مامۆستایانی میلاك لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو بەغدا دەبەین".

لە خاڵی سێیەمی بەیاننامەكەی مامۆستایانی وانەبێژدا هاتووە" هاوشان لەگەڵ خۆپیشاندانەكان، بایكۆت لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت".

لەبارەی قسەكانی وەزیری پەروەردە، كە ئەمڕۆ ڕایگەیاند" هەركات شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغداوە گەیشت كێشەی مامۆستایان چارەسەر دەبێت، مامۆستایان وتیان" وەڵامی ئێمە بۆ قسەكانی وەزیر ئەوەیە، هەركات شایستە داراییەكان لە بەغداوە هات ئێمەش بایكۆت دەشكێنین و دەچینەوە هۆڵەكانی خوێندن".





PM:07:08:21/11/2023