گەشتیارێک بە ژمارەیەک کارتی بانکییەوە دەستگیر دەکرێت

لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گەشتیارێك بە ٣٠ كارتی بانكییەوە لەلایەن تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیركرا.

وتەتەبێژی دەستەی خاڵە سنورییەکانی عێراق، عەلائەدین قەیسی لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاند" گەشتیارێکی عێراقی ٣٠ کارتی بانکی لە نێو کەلوپەلەکانی حەشاردابو و لە کاتی پشکنینی لەلایەن تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرا بو و لە ئێستاشدا دەستگیرکراوە".

عەلائەدین قەیسی وتیشی" تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گەشتیارێکی عێراقییان دەستگیرکرد، کە ٣٠ کارتی بانکی پێبووە و ویستوویەتی گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، ئەو گەشتیارە كارتەكانی لەناو کەلوپەلی دیکەدا حەشارداوە و لە کاتی پشکنینیش ئاشكرای نەكردوون، بەڵام تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی دۆزیاننەوە".

وتەبێژی دەستەی خاڵە سنوورییەکانی عێراق راشیگەیاند" لە ئێستادا گەشتیارەکە ڕەوانەی بنكەی پۆلیسی فڕۆکەخانە کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر".

دوابەدوای ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دۆلار، سیستمی كارتی بانكی ڕاگەیەنرا، كە گەشتیاران دەتوانن پارەی دیناری تێ‌ بكەن وبە نرخی ١٣٢ هەزار دینار لە ئەو وڵاتەی گشتی بۆ دەکەن دۆلار وەربگرنەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس بە نایاسایی بەکاری بێنن و دواتر ئەو دۆلارانەی بە هەرزان وەریانگرتووە بە گرانتر دەیهێننەوە بازاڕەکان و قازانجی زۆری لێدەکەن.




PM:07:52:21/11/2023